سه‌ره‌تا
پۆستی ئه‌لیکتڕۆنی
ئه‌رشیف
هاوڕێیان
ده‌رباره‌ی من :: به‌سته‌ری به‌که‌ڵک :: جەلیل ئازادی خواز
کانوونی نووسه‌رانی کوردستان
خۆر هەڵات نیوز
حسێن حەیدەری
ئه‌یاز خوون سیاوه‌شان. فارسی
ناوەندی رۆنان
ڕنسانس
بەیان
:: لۆگۆی دۆستان ::

RSS
ئه‌یاز خوون سیاوه‌شان
کومه‌ڵه شیعری ئێره دووره که پێک هاتوه له دوو به‌ش (شیعری ئازاد و شیعری لیریک یان گورانی) ، ئه‌زموونی شیعری کاک حه‌مید شه‌ریفی شاعیری ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانه. که به داخه‌وه به هۆی هه‌ل و مه‌رجی تایبه‌تی ژیانی شاعیر، نه‌یتوانیوه به شێوه‌یه‌کی رێک و پێک بڵاویان بکاته‌وه. ئه‌و شیعرانه ئه‌گه‌رچی خاوه‌نی باگراوه‌ند و تایبه‌تمه‌ندی هونه‌ری و جوانی ناسی زمانی و ئه‌ندێشه‌ی تایبه‌تی خۆیانن که ده‌خوازێ به میتود و شێوازێکی عیلمی مامه‌ڵه‌یان له گه‌ل بکرێت و لێکۆڵینه‌وه‌ی وردتریان له سه‌ر ئه‌نجام بدرێت . به‌ڵام به شیوه‌یه‌کی گووشراو ده‌توانین ئاماژه به‌و تایبه‌تمه‌ندیانه بکه‌ین که ئه‌و شیعرانه ده‌خه‌نه خانوویه‌کی جیاوا‌زه‌وه. ئه‌و خانویه‌ی که ده‌کرێ هیوا به‌خشی شیعرێک که خاوه‌نی بایه‌خ و پارامێتری ئه‌ورۆی شیعری کوردی بێت.
به‌شی شیعری ئازاد
ئه‌م به‌شه کۆی ئه‌و شیعرانه ده‌گرێته‌وه که شاعیر له چوارچێوه‌ی شێواز و قاڵبی شیعری نوێی کوردی‌دا دایرێشتوون. شێوازێک که گورانی نه‌مر بناغه‌و کۆڵه‌که‌کانی دامه‌زراندوه و دواتر له لایه‌ن شاعیرانی نوێ خوازی کورستانه‌وه به تایبه‌ت شاعیرانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانه‌وه، په‌ره‌ی پێ دراوه و هه‌نووکه پاش تێپه‌ڕکردنی چه‌ند قوناغی دیار و تایبه‌ت، خاوه‌نی ئه‌زمونێکی نزیک به 50 ساڵه‌یه. به واتایه‌کی تر شاعیر به که‌ڵک وه‌رگرتن له ئه‌زموونی شاعیرانه‌ی شیعری نوێی کوردی له لایه‌ک و هه‌وڵ دان بو دۆزینه‌وه‌ی هه‌ناسه و شێوازی تایبه‌تی ده‌ربڕین له لایه‌کی دیکه‌وه و هه‌ر وه‌ها به ئاوێته کردنی دڵه‌ڕاوکێ و خه‌ونه‌کانی تاکی کورد، کۆمه‌ڵێک خسڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندی له تێکستی شیعره‌کانیا دێنێته ئاراوه که ده‌کرێ هه‌ڵوێسته‌ی له سه‌ر بکرێت. لێره‌دا به کورتی ئاماژه‌یان پێ ده‌که‌م.
1 _ سه‌میمیه‌ت و ساده‌یی و ڕه‌وانبێژی ئه‌و شیعرانه تا ئه‌و ئاسته‌یه که خوێنه‌ری ئاسایی به خێرایی ئاوێته‌ی خه‌ون و خۆلیاو دڵه‌ڕاوکێکانی شاعیر ده‌بێت. به واتایه‌کی تر به هێنانه ئارای کومه‌ڵێک ( کد) و نیشانه‌ی ساده‌ی ژیانی ڕۆژانه به شێوه‌ی سمبولیک و ره‌مزی وه‌ک کارتون، مشک، سه‌عاتی سه‌ر دیوار، چرا، کاناپه و...... هه‌ر وه‌ها به که‌ڵک وه‌رگرتن له زوربه‌ی که‌رسه و ئامرازه‌کانی شیعر، فه‌زا و به‌سته‌رێک بۆ خوێنه‌ر فه‌راهه‌م ده‌کات که ئاوێته‌ی ئه‌زموونی شاعیرانه‌ی شاعیر بێت.
2_ یاری کردن به وشه و گرنگی دان به ئیجاز. بۆ نموونه:
دوێنێ به شه‌قامى سه‌ر ئه‌و کابرا
ببوره!
به کابراى سه‌ر ئه‌و شه‌قامه ئه‌ڵێم:
من وون بووم یارمه‌تیم به په‌یدا بم
بێ هیچ سه‌یرێک،
ئه‌ڵێ سه‌یره!!
ڕاسته سه‌یره!
زۆر سه‌یره !! (شیعری 5 ، ئێره دووره)
3 _ گووشراوی و چڕ بوونه‌وه‌ی (ئینتزاع ) ه‌کان و خولقاندنی بوشایی و فه‌زایه‌کی خاڵی له نێوان دال و مه‌دلوول ه‌کان دا، یانی مه‌ودایه‌کی جوگرافی، زه‌مانی و مه‌کانی له نێوان دال و مه‌دلووله‌کان دا ده‌خولقێ، به شێوه‌یه‌ک که فه‌زایه‌کی چه‌ند ڕه‌هه‌ندی و فره‌مانایی فه‌راهه‌م ده‌بێت. بۆشایی یه‌ک که له لایه‌ن خوێنه‌ره‌وه پڕ ده‌کرێته‌وه. به واتایه‌کی تر خوێنه‌ر به پێی هه‌لو مه‌رجی زه‌مانی، جوگرافیایی، ڕۆحی و.... تایبه‌تی خۆی، له دووباره نووسینه‌وه‌ی ده‌قدا به‌شداری ده‌کات.
4 _ دووره‌په‌رێزی له فه‌زا و جیهانی شیعری وێنه‌یی یان ئیماژیسمی سواو.
به بێ ئه‌وه‌ی لایه‌نه جۆراوجۆره‌کانی وێنه یان ئیماژ تاوه‌تۆ بکه‌م و هه‌ر وه‌ها مودێل یان شێوه‌کانی وێنه بخه‌مه به‌ر باس و لێکۆڵینه‌وه، ته‌نیا ده‌مه‌وێ ئاماژه به‌وه بکه‌م که وێنه یان ئیماژ له شیعری کلاسیک و نوێی کوردی‌دا یه‌کێک له عونسر و یه‌کیک له کۆڵه‌که سه‌ره‌کیه‌کانی شیعر بووه به شیوه‌یه‌ک که هه‌نووکه‌ش له شیعری شاعیرانی نه‌سلی تازه‌دا، ڕه‌نگ و ده‌نگی داوه‌ته‌وه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای ئاماژه پێ کردنه ئه‌وه‌یه که زۆربه‌ی شاعیرانی کون و نوێی کورد به یه‌ک شێوه مامه‌ڵه‌یان له گه‌ل ته‌سویر یان وێنه‌ی شیعری کردووه بۆ نموونه زۆربه‌یان وێنه‌ی ساده یان خولقاندووه. به له به‌ر چاوگرتنی ئه‌وه‌ی که له زمان دا وشه‌کان له دوو کاتاگوری پێک دێن 1_ ماده 2_ ئینتزاع . ماده وه‌ک: دره‌خت، باڵنده، به‌رد، ڕووبار و ..... ئینتزاعیش وه‌ک: شادی، دووری، دادپه‌روه‌ری، حه‌قیقه‌ت، خوا و..... وێنه‌گه‌لیکی ساده که له‌م 4 حاله‌ته‌ی خواره‌وه کم‌تر تێپه‌ڕیوه:
1_ ماده + ماده 2_ ماده + ئینتزاع 3_ ئینتزاع + ماده 4_ ئینتزاع + ئینتزاع
به‌ڵام حه‌مید شه‌ریفی و کۆمه‌ڵیک له شاعیرانی نوێ خوازی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان وه‌ک: ساڵح سووزه‌نی، یونس ره‌زایی ، ئازاد روسته‌می، ره‌زا عه‌لی پوور و...... تا ڕاده‌یه‌ک توانیویانه سنووره‌کانی شیعری ئیماژیسمی سواوی کوردی ببه‌زێنن و به شێوازێکی دیکه هه‌ڵسووکه‌وت له گه‌ل وێنه‌ی شیعری بکه‌ن و توانیویانه شێعری کوردی نوێ تر بکه‌نه‌وه.
5 _ که‌ڵک وه‌رگرتن له زه‌رفیه‌ت و بنه‌ماکانی زمانی ڕۆژانه( گفتار) و ئاخاوتن له گه‌ل (مخاطب) ێکی هه‌میشه‌یی، تایبه‌تمه‌ندییه‌کی دیکه‌ی شیعری حه‌مید شه‌ریفی یه. ئه‌م شێوازه شیعریه ئه‌گه‌ر چی ته‌مه‌نێکی درێژی هه‌یه به‌ڵام به شێوه‌یه‌کی ڕێک و پێک و عیلمی له لایه‌ن شاعیری ئێرانی سه‌یه‌د عه‌لی ساڵحی یه‌وه فرموڵه و تئوریزه کراوه. شێوازێک که له گه‌ل خوێنه‌ردا له دیالۆگێکی به‌رده‌وامدایه و خه‌ریکی ئاخاوتنه، ئاخاوتنێکی هونه‌ری که شاعیر به شێوه‌یه‌کی هونه‌رمه‌ندانه روح و هه‌ناسه‌یه‌کی نوێ و هه‌ر وه‌ها کارکردێکی جیاواز ده‌به‌خشێ به‌و وشانه‌ی که رۆژانه به شێوه‌ی ئوتماتیک و مردوو، بۆ ده‌ربڕینی مانایه‌کی ته‌ک ڕه‌هه‌ندی و ته‌ک جه‌مسه‌ری به‌کار ده‌برێ . شێوازێک به بێ ئه‌وه‌ی ئیستاتیکا و لایه‌نی هونه‌ری و ئه‌ده‌بیی شیعر دابه‌زێنێ له هه‌مان حاڵ دا شیعری له چوارچێوه‌یه‌کی دیوانی و نوخبه‌گه‌رایانه‌دا تا ڕاده‌یه‌ک ڕزگار کرد و جه‌ماوه‌ری له گه‌ل شیعر دا ئاشت کرده‌وه. حه‌میدی شه‌ریفی له‌و شێوازه شێعریه‌دا خۆی تاقی کردۆته‌وه و که‌م تا زۆر، سه‌رکه‌وتنی به ده‌س هێناوه.
به‌شی شیعری لیریک یان گورانی
ئه‌م به‌شه‌ش کۆی ئه‌و شیعرانه ده‌گرێته خۆ که شاعیر بۆ گۆرانی دایناون. له خوێندنه‌وه‌یه‌کی سه‌ر پێیی و ڕواڵه‌تیدا ئه‌م شیعرانه هه‌ندێ سه‌رکه‌ش بوون، بێ بنه‌مابوون و بێ ڕیشه‌یی پێوه دیاره. به‌ڵام به ورد بوونه‌وه‌ی زۆرتر و قووڵ بوونه‌وه له پێکهاته و فورمی ئه‌و شیعرانه، ده‌بینین که شاعیر به که‌ڵک وه‌رگرتن له شیعری فولکلوری کوردی به تایبه‌ت به که‌ڵک وه‌رگرتن له ئه‌ده‌بیاتی فۆلکلوری ئه‌رده‌ڵان(ناوچه‌ی سنه) و هه‌ر وه‌ها به که‌ڵک وه‌رگرتن له‌و به‌یت و حه‌یرانانه‌ی که به شێوه‌ی خۆ ڕسک و له چوارچیوه‌ی کێشی هجایی یان کێشی په‌نجه‌یی، له میراتی شیعری فولکلوری کوردی دا به جێ ماون، وه‌ک بنه‌ما که‌ڵکی وه‌رگرتووه. پێکهاته‌یه‌ک که ته‌نیا لاسایی کردنه‌وه و دووپات کردنه‌وه‌ی وتراوه‌کان نیه به‌ڵکوو هه‌وڵی داوه رۆحی یاخی بووی مرۆڤی سه‌رده‌م و ئه‌و قه‌یرانه فیکری، فه‌لسه‌فی، سیاسی و کولتووریه‌ی که ئه‌مڕو ئاوێزانی پێکهاته‌ی ژیانی جه‌ماوه‌ر و تاکی کورد بووه، تا ڕاده‌یه‌ک به‌رجه‌سته بکاته‌وه.
شیعری تایبه‌ت به گورانی له ئه‌ده‌بیاتی نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌دا، به تایبه‌ت له ئه‌ده‌بیاتی دراوسێکانمان دا، جێگایه‌کی تایبه‌تی هه‌بووه و زۆرکه‌س له‌و بواره‌دا کاری جیدی و به که‌ڵکیان لێ به جێ ماوه. به‌ڵام له ئه‌ده‌بیاتی کوردی دا ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم هیچ هه‌وڵێکی به‌رپرسانه‌ی بۆ نه‌دراوه، ده‌توانم بڵێم که نه‌یتوانیوه به پێی ئاڵوگوڕه‌کانی سه‌رده‌م و به پێی پێداویستی و ئامانجه‌کانی ئه‌مڕۆی ژیانی کورد، وه‌ڵام ده‌ر بێت. هه‌ر بۆیه بۆشاییه‌کی مه‌زن پێک هاتووه که ده‌کرێ بخرێته به‌ر باس و لێکۆڵینه‌وه‌ی بابه‌تی و خه‌ساره‌کانی پێناسه بکرێ. هه‌وڵ و ئه‌زمونی حه‌مید شه‌ریفی له‌و بواره‌دا( جیا له‌وه‌ی چه‌نده کاره‌کانی سه‌رکه‌وتنیان به ده‌س هێناوه یان چه‌نده ده‌توانێ ببیته پرۆژه‌یه‌کی گشتگیر و... ) جێگای ده‌س خۆشی و پێزانینه.
ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیانه‌ی که به شێوه‌یه‌کی زۆر گووشراو ئاماژه‌ی پێ درا ، شیعری حه‌مید شه‌ریفی ده‌خاته خانووی ئه‌و شاعیرانه‌وه که ده‌یانهه‌وێت زمان و هه‌ناسه و جیهانی تایبه‌تی خۆیان بخولقێنن. دیاره ئه‌مه به‌و مانا نیه که شاعیر له ئه‌زموونه‌کانیدا به ته‌واوه‌تی سه‌رکه‌وتوو بووه و گه‌ییشتووه به زمان و فورم و تکنیکی تایبه‌تی خۆی، به‌ڵام به‌هره و زینی تیژی شاعیر و هه‌وڵ دان بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ناسه تایبه‌تیه، ئاماژه به‌وه‌یه که ده‌یهه‌وێت له دووپات بوونه‌وه و لاسایی کردنه‌وه، دووره‌په‌رێزی بکات.
زۆر زۆر زۆر سپاس بۆ ئەو هەموو هەستە پاکەت.
کەیفم کرد
