serheldan
ئەدەب و کولتوری کوردی

لاپه‌ڕه‌کان

ده‌ستپێک
ئه‌لبۆمی وێنه‌کان
زانیاری
ئه‌رشیڤ
دراوسێکان

وێبڵاگی دۆستان

جەلیل ئازادی خواز
کانوونی نووسەرانی کوردستانی ئێران
خۆر هەڵات نیوز
حسێن حەیدەری
مستانەها
ناوەندی رۆنان
ڕنسانس

سمینارێک له‌ سه‌ر ره‌وتی رووناکبیری کوردستانی روژهه‌ڵات ، بۆ نووسه‌ر و رووناکبیری کورد ئه‌یاز خوون سیان

رێکه‌وتی 2008 /2 / 12 له‌ شاری به‌رگێنی نوروێژ، سمینارێک به‌ دوو زمانی کوردی و نوروێژی ، به‌ هاوکاری کۆمه‌ڵه‌ی کولتووری کوردی شاری به‌رگێن و کتێبخانه‌ی گشتی ئه‌و شاره‌ ، بۆ ئه‌یاز خوون سیاوه‌شان به‌ ڕێوه‌ چوو .

 له‌و سمیناره‌دا ژماره‌یه‌ک له‌ دانیشتوانی کوردی ئه‌و شاره‌ و هه‌ر وه‌ها چه‌ند که‌سایه‌تی سیاسی و فه‌رهه‌نگی نوروێژ و کۆمه‌ڵێک له‌ خه‌ڵکی نوروێژ به‌شدارییان تێدا کرد . سه‌ره‌تا کاروان سه‌لیم به‌رپرسی کۆمه‌ڵه‌ی کوردی شاری به‌رگێن ،وێڕای به‌خێر هاتنی کردنی میوانه‌کان ، سمیناره‌که‌ی ده‌س پێ کرد . پاشان خاتوو ترینه‌ ‎كولده‌روپ فلاته‌ن‎‎‎ به‌رپرسی گشتی کتێبخانه‌ی شاری به‌رگێن و یه‌کێک له‌ که‌سایه‌تیه‌ ناسراوه‌

  (Trine kolderoup flaten )فه‌رهه‌نگیه‌کانی وڵاتی نوروێژ ، کورته‌یه‌ک له‌ سه‌ر کارنامه‌ی فه‌رهه‌نگی و ئه‌ده‌بی ئه‌یاز خوونسیاوه‌شان دواو و وێڕای به‌رز نرخاندنی کار و چالاکیه‌ فه‌رهه‌نگی و ئه‌ده‌بیه‌کانی ئه‌یاز ، ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد که‌ ئه‌یاز وه‌ک یه‌که‌م نووسه‌ری شاری ئازاد، هاتۆته‌ ئه‌م شاره‌ و کتێبخانه‌ی گشتیش هه‌موو پێداویستیه‌ کانی ژیانی فه‌رهه‌نگی و ژیانی شه‌خسی ئه‌یازی بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ وه‌ئه‌ستۆ گرتوه‌ . هه‌ر وه‌ها گۆتیشی به‌و ناسینه‌ی که‌ له‌م نووسه‌ره‌ هه‌مانه‌ ، ده‌توانێ حه‌ڵقه‌یه‌کی پێوه‌ندی و هاوکاری له‌ نێوان کۆمه‌ڵگای ڕووناکبیری کوردستان و وڵاتی نوروێژ درووست بکات . ئێمه‌ به‌ شانازییه‌وه‌ هه‌موو مکانیزمه‌کانی خۆمان وه‌گه‌ڕ ده‌خه‌ین بۆ درووست کردن و پێک هێنانی ئه‌وپێوه‌ندیه‌.

 پاشان  به‌ڕێز هێنین وارلۆ(henning warloe)به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌وانی له‌ به‌شی کولتوور ، وه‌رزش و بازرگانی شاری به‌رگێن ، وێڕای ده‌ربڕینی هه‌ستی خۆشحاڵی خۆی ، به‌و هۆیه‌ی که‌ شاری به‌رگێن هاتۆته‌ گه‌ردوونه‌ی شاره‌کانی  نووسه‌رانی شاری ئازاد له‌ جیهان  و ئه‌یازیش وه‌ک یه‌که‌م زووسه‌ر ، ده‌بێته‌ میوانی ئه‌م شاره‌ !. هێنین وارلۆ ئه‌وه‌ی دووپات کرده‌وه‌ که‌ شاره‌وانی به‌رگێن ، هه‌موو هه‌وڵ و میکانیزمه‌کانی خۆی ،  به‌ کار ده‌به‌ستێت تا ژیانی ئه‌یاز وه‌ک نووسه‌ری شاری ئازاد، سه‌رکه‌وتوو بێت و بتوانێت ڕێگا و جێگای خۆی بدۆزێته‌وه‌ . هه‌ر وه‌ها دڵ خۆشی خۆی ده‌ربری بۆ ئه‌و هاوکاریه‌ نزیکه‌ی که‌ له‌ نێوان گرووپی خارجی و نۆروێژیه‌کان دا، پێک هاتووه‌ و هاوکات ئه‌و هه‌موو خه‌ڵکه‌ ئاماده‌ بوون بۆ پێشوازی کردن له‌ ئه‌یاز . پاشان وارلۆ ، تابلۆیه‌کی نه‌قاشی به‌ نرخ ، که‌ کاری نه‌قاشی به‌ ناوبانگی نۆروێژی ئێرلین والترسۆنه‌Erling Valtyrson  له‌ لایه‌ن شاره‌وانییه‌وه‌ پێشکه‌ش به‌ ئه‌یاز خوون سیاوه‌شان کرد . له‌ باری ئاسایی دا ئه‌و خه‌ڵاته‌ به‌ که‌سانێک ده‌به‌خشرێت که‌ خزمه‌تێکی کولتووری به‌رچاویان به‌ شاری به‌رگێن کردبێت به‌لام وارلۆ پێی وابوو‌ که‌ ئه‌یاز ده‌توانێت به‌ درێژه‌ دانی کاری ئه‌ده‌بی و کولتووری خۆی، شاری به‌رگێن ده‌وڵه‌مه‌ند بکات .

 دوا به‌ دوای قسه‌کانی به‌ڕیز وارلۆ ، ئه‌یاز خوون سیاوه‌شان ، سه‌ره‌تا وێڕای سپاس و پێزانینی خۆی بۆ هاوکاری و هاوئاهه‌نگی کۆمه‌ڵه‌ی کولتوری کوردی و کتێبخانه‌ی گشتی، بو پێک هێنانی ئه‌و سمیناره‌ وهه‌ر وه‌ها وێڕای سپاس و قه‌درزانین له‌ شاره‌وانی به‌رگێن و که‌سایه‌تییه‌کی به‌رزی وه‌ک وارلۆو به‌خشینی ئه‌و خه‌ڵاته‌ ، باسه‌که‌ی ده‌س پێ کرد . به‌ڕێزیان سه‌ره‌تا ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد که‌ ڕه‌وتی ڕووناکبیری سه‌رده‌م له‌ کوردستانی رۆژهه‌ڵات ، مێژوویه‌کی درێژی هه‌یه‌ که‌ ڕیشه‌ و بنه‌ماکانی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ کۆمه‌ڵه‌ی ژ ك و کۆماری کو‌ردستان له‌ مه‌هاباد . که‌ ده‌خوازێ به‌ وردی لێکۆڵینه‌وه‌ و تاویل و ڕاڤه‌ی له‌ سه‌ر بکرێت ، به‌ڵام به‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ باسه‌که‌مان له‌ سه‌ر وه‌زعیه‌تی رووناکبیری له‌ ته‌مه‌نی کۆماری ئیسلامی دایه‌ ، هه‌ر بۆیه‌ باس له‌و زه‌مینه‌ و به‌سته‌ر و ئاقاره‌ ده‌که‌ین که‌ له‌و زه‌مانه‌دا (نزیک به‌ 30 ساڵ) ، ڕه‌وتی فه‌رهه‌نگی و ڕووناکبیری له‌ کوردستان ، سه‌ری هه‌ڵدا و گه‌شه‌ی سه‌ند . 

 ناوبراو ، بنه‌ماو و سه‌رهه‌ڵدان و گه‌شه‌کردنی ڕه‌وتی رووناکبیری له‌ کوردستانی ئێرانی له‌ باری زه‌مانی و له‌ چوارچێوه‌ی شکڵ گرتن و ته‌کمێڵ بوونی ئه‌و پرۆژه‌یه‌وه‌ ، دابه‌ش کرد به‌ سه‌ر پێنج قۆناغ دا .

قۆناغی یه‌که‌م : پاش ڕووخانی حکوومه‌تی شا و هاتنه‌سه‌رکاری کۆماری ئیسلامی (ده‌ورانی تێکۆشانی ئازاد و ئاشکرای حیزبه‌ سیاسیه‌کانی کوردستان تا شه‌ری ئێران / عه‌راق  _ ده‌ورانی شۆڕش _ )

 قۆناغی دووه‌م : ده‌ورانی شه‌ڕی ئێران / عه‌راق (ده‌ورانی میلیتاریستی که‌ 8 ساڵی خایاند )

 قۆناغی سێ یه‌م : ده‌ورانی پاش شه‌ڕ ( حکوومه‌تی 8 ساڵه‌ی نوێژه‌ن کردنه‌وه‌ی ره‌فسه‌نجانی )

 قۆناغی چواره‌م : ده‌ورانی خاته‌می ( 2ی جۆزه‌ردان و ڕیفۆرمیسته‌کانی نێو ده‌زگای ده‌سه‌ڵات )

قۆناغی پێنجه‌م : قۆناغی ئه‌حمه‌دی نژاد ( حکوومه‌تی ئۆڵترا میلیتاریستی و فاشیزمی دینی) 

 به‌ڕێزیان ئاماژه‌ی کرد که‌ هه‌ر کام له‌و قۆناغه‌ هه‌ستیارانه‌ ، تایبه‌تمه‌ندی و پارامتری خۆی له‌ بواری سیاسی ، کۆمه‌ڵایه‌تی ، فه‌رهه‌نگی و.... هه‌بوو. هه‌ر بۆیه‌ بزووتنه‌وه‌ی ڕووناکبیریش ڕاسته‌وخۆ، ده‌نگدانه‌وه‌ و زایه‌ڵه‌ی که‌ش و هه‌وای ئه‌و قۆناغانه‌ بوو . له‌ قۆناغی یه‌که‌م دا ، به‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ کوردستان گۆڕه‌پانی هه‌ڵس و که‌وتی ئاشکرای (بۆ ماوه‌یه‌کی کورتی زه‌مانی ) حیزب و سازمانه‌ سیاسه‌سیه‌کانی کوردستان بوو و به‌ هۆی گڕ و تینی ڕه‌وتی سیاسی له‌ کوردستان و هه‌ر وه‌ها به‌ هۆی ڕادیکاڵ بوونی ئایدۆلۆژی بزووتنه‌وه‌کان ( ئیسلام ، ناسیونالیسم ، مارکسیست و ... ) ، نه‌بوون یان که‌م بوونی فه‌رهه‌نگ و کولتووری (تساهل، تسامح ومدارا ) و عه‌قڵانیه‌تی دیموکراسی له‌ ئه‌ده‌بیات و هه‌ڵسو که‌وتی پارته‌ سیاسیه‌کان و له‌ هه‌مووی گرینگتر به‌ هۆی شه‌ڕی داسه‌پاو به‌ سه‌ر کوردستان دا (که‌ سه‌رانسه‌ری کوردستانی کرده‌ به‌ره‌ی شه‌ڕ ) و ته‌نانه‌ت له‌ هه‌ندێ بواردا به‌ هۆی شه‌ڕی براکۆژییه‌وه‌ ، جگه‌ له‌ کۆمه‌ڵێ سروود و شیعری حیماسی و کۆمه‌ڵێ ڕۆژنامه‌ و گۆڤاری حیزبی ، شتێکی جیدی و ئه‌وتۆ له‌ بواری ئیکادمیک و زانستی یه‌وه‌ که‌ بتوانێ کاراکتر و سیمای ئینسانی کورد به‌ هه‌موو تایبه‌تمه‌ندیه‌کانیه‌وه‌ ، پێناسه‌ بکات ، نابینین .

له‌ قۆناغی دوه‌میش دا به‌ هۆی سه‌رهه‌ڵدانی شه‌ڕی ئێران / عه‌راقه‌وه‌ و به‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ حکوومه‌ت هه‌موو وڵاتی به‌ گشتی و کوردستانی به‌ تایبه‌تی ، میلیتاریزه‌ کرد و تێکۆشان و خه‌باتی هه‌موو حیزبه‌ سیاسیه‌کانی کوردستانی قه‌ده‌غه‌ کرد و هه‌ر وه‌ها به‌ ئیسلامیزه‌ کردنه‌وه‌ی هه‌موو ناوه‌نده‌ فه‌رهه‌نگیه‌کانی وڵات و ئایدۆلۆژیزه‌ کردنه‌وه‌ی سه‌رانسه‌ری به‌ستێنه‌کانی ژیان و دروست کردنی کولتووری سانسۆر و خۆ سانسۆرکردن و بایکۆتی خه‌به‌ری ، ده‌ورانی بێ ده‌نگی ، گۆشه‌گیری (انزوای فه‌رهه‌نگی و سیاسی ) ، له‌ سه‌رانسه‌ری کوردستان ده‌س پێ ده‌کات که‌ ده‌توانین به‌ ده‌ورانی ترس ، تۆقاندن ، زیندان ، ئیعدام ، سانسۆر و له‌ ئاکام دا ده‌ورانی په‌نگ خواردنه‌وه‌ی خواسته‌ میللی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان ، ناوزه‌د بکه‌ین .

له‌ قۆناغی سێ یه‌م دا به‌ هۆی کۆتایی هاتنی شه‌ڕه‌وه‌ و که‌م بوونه‌وه‌ی فه‌زای میلیتاریستی له‌ وڵات و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌ی شاره‌کانی کوردستان بۆ ماڵ و مه‌سکه‌نی خۆیان و ڕۆشتنه‌ سه‌ره‌وه‌ی خواست و (توقع) ی خه‌ڵک ، دوو ڕووداوی زۆر گرینگ که‌ ده‌بنه‌ ژێرخان و بنه‌مای ئه‌ساسی ڕه‌وتی ڕووناکبیری له‌ کوردستان ، ڕوو ده‌دات . یه‌که‌م ده‌رچوونی گۆڤاری سروه‌ به‌ زمانی کوردی و دووه‌م درووست بوونی ئه‌نجومه‌نه‌ ئه‌ده‌بیه‌کان، له‌ سه‌رانسه‌ری شاره‌کانی کوردستان بوو. هه‌م گۆڤاری سروه‌ و هه‌م ئه‌نجۆمه‌نه‌ ئه‌ده‌بیه‌کان ، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که‌ له‌ لایه‌ن حکوومه‌ته‌وه‌ کونترۆڵ و چاوه‌دێری ده‌کران به‌ڵام توانییان کۆمه‌ڵی هه‌نگاوی جیدی و ڕیشه‌یی هه‌ڵ بگرن و ده‌توانین بڵین که‌ نۆخته‌ وه‌رچه‌رخانێک بوو له‌ مێژووی بزووتنه‌وه‌ی رووناکبیری له‌ کوردستان . چوونکه‌ گوڤاری سروه‌ و ئه‌نجومه‌نه‌کان توانییان تا ڕاده‌یه‌ک ئه‌دیبان و نووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندانی هه‌موو شاره‌کانی کوردستان، ده‌وری یه‌کتر کۆبکاته‌وه‌ و هه‌ر وه‌ها فێر کردن و پێ گه‌یاندنی جیلێکی نوێ له‌ نووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندان و هه‌ر وه‌ها به‌ گرتنی چه‌ندین سمینار و کونفرانسی جوراوجوری کوردی و دانانی ده‌وره‌(کورس) فێر بوونی زمانی کوردی و بڵاو کردنه‌وه‌ی گۆڤار و کتێبی کوردی و .....هتد نه‌خش و ڕۆڵی پۆزیتیڤی خۆیان نیشان بده‌ن .

 له‌ قۆناغی چواره‌م دا به‌ هۆی هاتنه‌ سه‌ر کاری خاته‌می و گۆته‌زای ریفۆرم و ئیسڵاحاته‌وه‌  و هه‌ر وه‌ها کرانه‌وه‌یه‌کی نیسبی له‌ وازیه‌تی سیاسی ، فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ ئێران و کوردستان دا (!!) ، بزووتنه‌وه‌ی رووناکبیری له‌ کوردستان له‌ چوارچێوه‌ی چه‌ند گۆڤار و هه‌ر وه‌ها ئه‌نجۆمه‌نه‌ ئه‌ده‌بیه‌کان ،هاته‌ ده‌ر و به‌ شێوه‌ی جیدی تر و تخصصی تر هاته‌ گوڕه‌پانی تێکۆشانی خۆیه‌وه‌ . هه‌ر بۆیه‌ چه‌ندین ڕێخراوی سینفی و تخصصی له‌ زۆربه‌ی بواره‌کان دا وه‌ک: یه‌کیه‌تی خوێندکارانی کوردستان ، یه‌کیه‌تی ڕۆژنامه‌وانانی کوردستان ، یه‌کیه‌تی ژنانی کوردستان(له‌ زۆربه‌ی شاره‌کان دا ) ، مافی مرۆڤی کوردستان ، ڕێخراوی سینه‌ما و شانۆ و ..... درووست بوون و تێکۆشانی خۆیان ده‌س پێ کرد . به‌ڕێز خوون سیاوه‌شان ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد که‌ خاته‌می و حکوومه‌ته‌ ریفۆرمیسته‌که‌ی ، ئه‌گه‌رچی نه‌یتوانی وه‌ڵامده‌ری ئه‌و ئیعتماد و ده‌نگانه‌ بێت که‌ خه‌ڵکی ئێران به‌ ناوبراویان دابوو و ئه‌گه‌رچی وه‌فاداری به‌ نئزامی ئیسلامی و به‌یتی ڕێبه‌ری بۆی گرینگتر له‌ خه‌ڵکی ئێران بوو به‌ڵام ڕه‌وتی رووناکبیری( به‌ هه‌موو ڕه‌هه‌نده‌کانیه‌وه‌ )  له‌ کوردستانی ئێران دا،سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که‌ تووشی زۆر قه‌یران و زۆر خه‌ساری گه‌وره‌ بوو ، به‌ڵام له‌ کۆ دا و له‌ چوارچێوه‌یه‌کی گشتی دا نه‌وه‌ستاوه‌ و به‌ره‌و پێس چووه‌ !! . ته‌نانه‌ت له‌ هه‌ندێ بواردا به‌رهه‌می رووناکبیری کورد ، جۆگرافیای کوردستان جێ دێڵێ و هه‌موو پانتایی و جۆگرافیای جیهان ده‌گرێته‌وه‌

.قۆناغی پێنجه‌م : قۆناغی فاشیزمی دینی و هاتنه‌ سه‌ر کاری حکوومه‌تی ئه‌حمه‌ی نژاده‌. ماشینی سه‌رکوت و ترس و وه‌حشه‌ت له‌ که‌وردستان ، هه‌موو به‌ستێکانی ژیانی مه‌ده‌نی و فه‌رهه‌نگی کومه‌ڵگای کوردستان ده‌گرێته‌وه‌ و به‌ شێوه‌ی سیستماتیک و سیناریۆی له‌ پێش داڕێژراودا ، هه‌نگاوی به‌ کرده‌وه‌ی بۆ ڕیشه‌ کێش کردن و داپڵۆسینی هه‌موو بایه‌خه‌ ئینسانی و مرۆیه‌کانی کوردستان ده‌س پێ ده‌کات . به‌ستنی زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری بڵاوکراوه‌ سه‌ربه‌خۆکانی کوردستان و گرتن و ڕاوه‌دوونانی کادری ئه‌و بڵاوکراوانه‌ ، به‌ستنی ڕێخراوه‌کانی ژنان و داخستنی گوڤاره‌کانیان و زیندانی کردنی چالاکانی ئه‌و بواره‌ ، زیندانی کردن و ئه‌شکه‌نجه‌ و ته‌نانه‌ت کوشتنی خوێندکارانی کوردی زانکۆکانی ئێران ، گرتن و زیندانی کردنی چالاکانی کرێکاری و .... سه‌لمێنه‌ری ئه‌و ڕاستیه‌ن .

له‌ کۆتایی دا ناوبراو ، به‌ وردی له‌ سه‌ر دۆسیه‌ و فایلی عه‌دنان حه‌سه‌ن پوور و هیوا بووتیمار دوا و وێڕای پشت به‌ستن به‌ قسه‌ی ماف ناسانی به‌ ناوبانگی ئێران سه‌باره‌ت به‌ کێشه‌ی عه‌دنان و هیوا ، ئه‌و حوکمه‌ی به‌ ناڕه‌وا زانی و داوای له‌ دانیشتوان کرد که‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک دژی ئه‌و حوکمه‌ ڕاوه‌ستن و گۆشار بخه‌نه‌ سه‌ر کۆماری ئیسلامی بۆ ئازاد کردنی بێ ئه‌ملاو ئه‌ولای ئه‌و دوو تێکۆشه‌ره‌ لاوه‌ .  چوونکه‌ عه‌دنان و هیوا یه‌که‌م که‌س نین و ئاخر که‌سیش نابن . به‌رنامه‌ وپرۆژه‌ی حکوومه‌ت ، قڕ کردن و تاساندنی بزووتنه‌وه‌ی مه‌ده‌نی و رووناکبیری خه‌ڵکی کوردستانه‌ . له‌ کۆتایی دا به‌شداربوان به‌ پرسیار و به‌شداری کردن له‌ باسه‌که‌، سمیناره‌که‌یان به‌ پێز و ده‌وڵه‌مه‌ند کرد و پاش نزیک به‌ 4 کاتژمێر ،   به‌ ڕه‌زایه‌ته‌وه‌ سالۆنی سمیناره‌که‌یان به‌ جێ هێشت . پێویسته‌ ئاماژه‌ بکرێت که‌ وه‌رگێڕی قسه‌کانی ئه‌یاز خوون سیاوه‌شان بۆ سه‌ر زمانی نوروێژی، به‌ڕێز ئیدریسی عه‌بده‌ خوێندکاری کوردی دانیشتووی به‌رگێن بوو .                    


, 01:47 , 2008/3/19
بۆچوون


دواتر‌ | په‌ڕه‌ 6 له‌ 24 | ‌پێشوو