ئه‌یاز خوون سیاوه‌شان
بیابانه‌و چه‌ن هه‌ناسه‌یه‌ک پێش سه‌ره‌تای سه‌ره‌تاکان .
مانگ ، بێوه‌ژنێکی له‌ش فرۆش له دوورگه‌ی چاوم دا ، ئه‌ستێره پووکانه‌وه‌ی گومان و شار، شاری قه‌یره کچ له باوه‌شی کاژێره‌کان دا . بێ ده‌نگی ، له گه‌رمیانی سه‌رم دا ئه‌لوورێنی . له پڕ هه‌واڵێک له تۆنێلی وه‌همه‌وه ، هه‌واڵ نا ، شنه‌بایه‌ک له ترۆپکی پان ئێرانیسمه‌وه ، شنه با نا ، گه‌رده‌لوولێک له میحرابی جه‌هاله‌ته‌وه ، گه‌رده‌لوولێکی تاریک ! ، گه‌رده‌لوول نا ، تۆفانی شمشێرێکی تاریک له چه‌شنی ئه‌هریمه‌ن و چه‌نگیز و ته‌یموور . نا نا ، هه‌ره‌سی ئاخرزه‌مانێکی تاریک له ساراتی " لووت " ه‌وه ، تۆفانی شمشێرێکی داچۆڕاوی تاریک له چه‌شنی خۆی . نا نا نا بمبوورن . شووشه عه‌ترێکی وڵاتی مرۆڤایه‌تی و ئۆمانیسم بۆ دیاری نه‌ورۆزی ساڵ !! . دیارییه‌کی خنجیلانه بۆ قه‌یره کچی شاره‌که‌م !.
نمه نمه چرکه‌کانی 16 / 3 / 1988 ده‌تکێته تاریکایی ده‌روونمه‌وه .
بورکانێک ، بورکان نا ، تۆفانێک . تۆفانیش نا ، کاره‌ساتێک . کاره‌ساتیش نا ، ته‌زوویه‌ک. ته‌زوویه‌کی بچووک ، هێنده‌ی ته‌مه‌نی ئاخێک و هێنده‌ی کاڵ بوونه‌وه‌ی مێژوو ، سه‌رتاپای جه‌سته‌م داده‌گرێ . من دائه‌چۆڕێم له که‌رامه‌تی ئینسان و هه‌ڵ ده‌وه‌رێم له قامووسی مرۆڤایه‌تی دا ! . ده‌بم به سه‌ره‌تای سه‌ره‌تا . سه‌ره‌تای له دایک بوونی زه‌وی و له دایک بوونی با و له دایک بوونی مرۆڤ ! . ڕووت ده‌بمه‌وه له کاکێشانی هه‌ستی دا . ده‌بم به بۆشایی . بۆشایی قامووسی زه‌مان و قامووسی کائینات . خۆر له منه‌وه هه‌ڵ دێت. دره‌خت له منه‌وه سه‌ر هه‌ڵ ئه‌دا . باران له منه‌وه په‌ڵه ئه‌دات. مێژوو له منه‌وه شه‌ق ده‌بێ ، مێژووی پێش هه‌ڵه‌بجه و دوای هه‌ڵه‌بجه . فه‌لسه‌فه‌ی پێس هه‌ڵه‌بجه و دوای هه‌ڵه‌بجه . شیعر و چرۆک و رومانی پێش هه‌ڵه‌بجه و دوای هه‌ڵه‌بجه . مرۆڤی پێش هه‌ڵه‌بجه و دوای هه‌ڵه‌بجه . ژیانی پێش من و پاش من .
ئه‌ی ئه‌وه نییه حورمه‌تم بۆ هه‌موو بێ حورمه‌ته‌کانی مێژوو کڕیه‌وه !؟ . ئابڕووم بۆ هه‌موو بێ ئابڕووکانی ده‌وران کڕیه‌وه !؟ . ئه‌ی ئه‌وه نییه ڕووی چه‌نگیز و موسولینی و هیتلرم سپی کرد .!؟ نابینن ڕووناکیم خسته تاریکستانی ئه‌ندێشه‌ی هه‌موو شه‌ڕئه‌نگێزه‌کانی جیهانه‌وه !؟ . نابینن ئاشتی و دادپه‌روه‌ری و هاودڵی و هاوزمانی و یه‌کسانیم هێنایه قامووسی مرۆڤایه‌تییه‌وه ؟! . ئه‌ی ئه‌وه نییه گورگ و مه‌ڕ ، پیر و ساوا ، دره‌خت و کۆتر ، مرۆڤ و با ، شه‌یتان و باران ، قه‌حبه و مامۆستا ، شاعیر و جه‌رده ، پادشا و گه‌دا و .... هه‌ر هه‌موو پێکه‌وه ، هه‌ر هه‌موو به جارێ ، چوونه ژوانی مه‌رگه‌وه !؟ . هه‌ر هه‌موو به جارێ بوون به سووته‌مه‌نی نه‌ورۆز !!؟؟ . ئه‌ی ئه‌وه نییه ئه‌فلاتوون هات و داچڵه‌کی و گوتی : تف له مه‌دینه‌ی فازڵه‌که‌م و تف له‌م یۆتۆپیایه !! . مه‌سیح هات و کڕنووشی برد بۆ کۆرپه‌که‌ی باوه‌شی عومه‌ری خاوه‌ر و هاواری کرد : سبحانه‌ڵا خۆدایه ، سبحانه‌ڵا تاوان !!
من بووم به سه‌ره‌تای سه‌ره‌تا. یه‌که‌م بزوێنی هه‌ناسه و یه‌که‌م ئه‌لف و بێی ژیان و یه‌که‌م دڵه‌ڕاوکێی نووح! . ڕۆشتمه پێناسه‌ی هه‌وره‌وه و نمه نمه تکامه سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی دڵداران . نمه نمه تکامه سه‌ر موزه و باڕ و شه‌قامه‌کانی دڵته‌نگی . ئێستاش درێژ ده‌بمه‌وه له کووچه‌کانی تاوان و له سه‌ر مێزی بازرگانانی مرۆڤ و له هه‌یوانی ئاواره‌یی گۆڵه‌کان. درێژ ده‌بمه‌وه له خه‌راباتی هه‌ستی و کافتریای غۆربه‌ت و له‌عنه‌تی ساڵه‌کان . درێژ ده‌بمه‌وه له که‌مپی په‌نابه‌ران و سیاچاڵه‌کانی ئێران و پۆستاڵی ژنراڵه‌کان ! من ئێستاکه‌ش له هه‌یئه‌تی _ دوعا _ دا به‌ردباران ده‌کرێم . شۆڕ ده‌بمه‌وه ناو شه‌رابی مه‌سووله‌کان ، ئه‌و کاته‌ی خه‌ونی لاوه‌کان سه‌ر ده‌بڕن. درێژ ده‌بمه‌وه ناو له‌ت بوونی حیزبه‌کان ، ئه‌و کاته‌ی سوقراتی ڕۆحم ژارنۆش ده‌که‌ن! . درێژ ده‌بمه‌وه له کێشه‌ی که‌سایه‌تیه‌کان ، ئه‌و کاتانه‌ی به سه‌ر جه‌نازه‌ی هاوڕێکانمانه‌وه ، ئاوازی سه‌رکه‌وتن ده‌چڕین!! .
من ئێستا سه‌ره‌تای سه‌ره‌تام ......15 / 3 / 2008به‌رگێن
|